پیرانشار له ریوایه‌تی قه‌ندیلدا
پیرانشار له ریوایه‌تی قه‌ندیلدا
پیرانشار له ریوایه‌تی قه‌ندیلدا
نووسه ر: عومه ر امام
پیرانشار ئه‌گه‌رچی شاره‌کی ساوایه و ته‌مه‌نێکی ئه‌وتۆی نییه هه‌تا ئامبازی زه‌ینی مێژوونووسان بێ و ده‌لاقه‌یه‌ک بۆخۆ ته‌رخان کا، به‌ڵام هه‌ر له کۆنه‌وه به پێی شوێنه‌وارگه‌لێکی که‌ونارا که له‌و ناوه‌دا هه‌ن. ده‌رده‌که‌وێ که به درێژایی مێژوو شوێنی نیشته‌جێ و حه‌و‌انه‌وه‌ی کۆمه‌له خه‌ڵکێک بوه که سه‌رقاڵی ئاژه‌ڵداری وکۆچه‌ری بوونه. چونکه ناوچه‌یه‌کی بژوێن سه‌رسه‌وزه و که‌شوهه‌وایه‌کی مه‌یله‌و کوێستانی هه‌یه و گه‌لێک سازگار و دڵڕفێنه. به کوێستانی ده باسه‌فا ته‌نراوه، له هه‌موو لایه‌که‌وه ئاوی گوارا و که‌لله‌ته‌زێن هه‌ڵده‌ڕژێته پێده‌شته‌کان و به گیاوگۆڵ وگوڵ ده‌خه‌مڵێن، که‌روێشکه‌ی نه‌رمه گیای به‌هاران، وێنای به‌هه‌شتێکت به نیشان ده‌دا هه‌ر مه‌پرسه.!! ده‌شتێکی سه‌ر سه‌وز و رازاوه به ئارخه‌یانی سه‌ری وه‌دامێنی قه‌ندیل کردوه و بۆی راکشاوه. کوێستانه‌کانیش به حوڕمه‌ته‌وه له به‌رده‌م باره‌گای قه‌ندیل له کڕنۆشدان. قه‌ندیل ئه‌وه به شکۆی هه‌میشه‌یی، پته‌وقایم هه‌ر ده‌ڵیی سه‌رگوره‌شته‌ی خۆی به گوێچکه‌یان‌دا ده‌چرپێنێ. بۆی ده‌شته‌وه بنه‌بانی مێژوو به هه‌زاران ساڵ به‌ر له ئێستا هه‌ر له زه‌رده‌شته‌وه هه‌تا ئیسلام، به شێنه‌یی و له‌سه‌رخۆ په‌رده له سه‌ر هه‌موو راستییه‌کان هه‌ڵده‌داته‌وه. کاره‌سات له دوای کاره‌سات، ئازار، مه‌ینه‌تی، رۆژڕه‌شی، باوبوران، تۆفان و به‌ند، زستانی ده‌سه‌خڵه‌تی، رێبه‌ندان و به‌فرانبار، که‌ڕه‌سیسه‌و وێشوومه، قورسایی چنگی هه‌ڵۆی تیژباڵ له سه‌ر لاشانی، ئه‌شته‌قیانی له بیر ناچنه‌وه. ده‌شێ بڵێین به‌ر له مێژوو، داره‌داره‌ی به مێژوو کردوه. له یه‌ک نیگادا ناوچه‌ی پیرانشار به هۆی کوێستانی ده‌هه‌زاربه‌هه‌زار و هه‌ڵکه‌وتن له سه‌ر سنوور، خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیه‌که ره‌نگبێ به سووکه ئاوڕێک پێناسه‌یيکی پڕ به پێستی نه‌کرێ، هه‌ر وا خێرا ئاوڕێک وه‌وناوه ده‌ده‌ینه‌وه، ده‌نا زه‌مه‌نێکی به پێزی ده‌وێ هه‌تا ده‌چیه‌وه ده‌م ئاوردانی مزگه‌وت و وتاری مینبه‌ر و زه‌نازه‌نای دیوه‌خان و شانشنی ماڵان، ئه‌و ده‌مانه‌ی که به ده‌نگی بلوێر و گۆرانی و حه‌یران و حیکایه‌تی به سۆز گوێگر شاگه‌شکه ده‌بوو. له هه‌مبه‌ر پیره‌پیاوی به گفت‌ولفت و شیرن‌وێژ، مرۆڤ سه‌رسام و حه‌یران ده‌بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه گه‌لێک که‌سایه‌تی هه‌ڵکه‌وته‌ی ئه‌م ناوه به‌ر خه‌زانی رۆژگار که‌وتوون و ناو ناوبانگیشیان سه‌ری ناوه‌ته‌وه، بۆ هه‌تاهه‌تایه له چاخی بێده‌نگیدا لێیخهوتوون. ته‌نیا هێندێک نه‌بێ که ئه‌ویش مه‌ودایه‌کی زۆریان له مێژوو نه‌بڕیوه، یان ئێستاش له په‌له‌قاژه‌ی ژین دانه. به پۆلین به‌ندی که‌سایه‌تیه‌کان ئاماژه به هێنده‌کیان ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه زانیاریه ئاریکارمان بێت.

